رێژه‌ی هاورده‌ی هه‌رێم له 2011دا 42 ملیاردۆلاری تێپه‌ڕاندووه به‌ختیار عه‌بدوڵا
سه‌رچاوه فه‌رمییه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ساڵانه رێژه‌ی هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان له به‌رزبوونه‌وه‌دایه. له لێدوانێكی تایبه‌تیدا بۆ واڵا پرێس شێخ مسته‌فا عه‌بدولره‌حمان سه‌رۆكی ده‌سته‌ی هاورده‌و ناردن كارانی هه‌رێمی كوردستان روونی كرده‌وه‌كه ساڵی 2011 به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی 2010 رێژه‌ی هاورده‌كردن به‌رزبۆته‌وه.
شێخ مسته‌فا ئه‌وه‌یشی خسته‌روو كه له‌ساڵی 2011دا رێژه‌ی هاورده‌كراوی كوردستان 2 ملیار دۆلاری دیكه‌یشی زیاد كردووه ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه كه رێژه‌ی هاورده‌كراوی ساڵی 2010 ته‌نها 40 ملیار دۆلار بووه‌و ساڵی 2011 گه‌یشتۆته 42 ملیار دۆلار.
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی هاورده‌و ناردن كارانی كوردستان به‌و په‌ڕی نیگه‌رانییه‌وه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه له‌ساڵی 2011 ته‌نها یه‌ك ملیۆن و 250 هه‌زار تۆن له به‌رهه‌می هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده كراوه، و به‌پێویستی ده‌زانێت له‌پێناوی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئابووری ناوخۆیی هه‌رێم گه‌شه به به‌رهه‌می خۆماڵی بدرێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هه‌مان ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ئه‌وه‌ش ده‌خاته روو كه پشكی شێری ئه‌وبارستایی كه‌لوپه‌لانه‌ی 42 ملیار دۆلاره‌ی هاورده‌كراو بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌پله‌ی یه‌كه‌م به‌ر وڵاتی توركیا‌و به پله‌ی دووه‌م به‌ر وڵاتی ئێران كه‌وتووه‌و وڵاتانی دیكه‌ی جیهانیش پشكه‌كانی دیكه‌یان به‌ركه‌وتووه.


