|
موچه و ده‌رماڵه‌ی پۆلیس و ئاسایشی هه‌رێم وه‌ك به‌غدا ده‌بێت
|
قادرئه‌سمه‌ر
به‌گوێره‌ی پرۆژه‌یاسای وه‌زاره‌تی ناوخۆ سه‌رجه‌م ده‌رماڵه و موچه‌كانی ئاسایش و پۆلیسی هه‌رێم رێكده‌خرێت و هه‌مان موچه و ده‌رماڵه‌ی به‌غدا ده‌بێت ، هه‌روه‌ها لێژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مان یاسای ئاسایشی هه‌رێم په‌سنده‌كات و هه‌ردوو ده‌زگا یه‌كده‌گرنه‌وه.
ئیسماعیل مه‌حمود سه‌رۆكی لێژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه خۆجێیه‌كان له په‌رله‌مانی كوردستان تایبه‌ت به سایتی واڵاپرێس-ی راگه‌یاند: له‌كاتی ئێستا لێژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌رقاڵی تاوتوێكردنی پرۆژه‌یاسای وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمه، به‌گوێره‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه یاسایه موچه و ده‌رماڵه‌ی پۆلیس و ئاسایشی هه‌رێم وه‌ك به‌غدا ده‌بێت.
وتیشی: بۆ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی یاسای وه‌زاره‌تی ناوخۆ بڕیاره سبه‌ی 3/2 ئێمه وه‌ك لێژنه‌ی ناوخۆ كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ پسپۆر و شاره‌زایانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئه‌نجام بده‌ین و له‌دوای پشوی په‌رله‌مان گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت .
سه‌باره‌ت به هه‌ردوو به‌رێوه‌به‌رایه‌تی( پاسه‌پۆرت و ره‌گه‌زنامه)ی هه‌رێم ، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ناوخۆ وتی: له‌بنه‌ره‌ت ئه‌و دوو به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه سه‌ربه وه‌زاره‌تی ناوخۆی فیدراڵ-ن ، به‌ڵام تاكو ئێستا موچه‌كانیان بۆ ره‌وان ناكه‌ن و هه‌رێمی كوردستان خۆی موچه‌كانیان ده‌دات ، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش له دوای سه‌ردانی وه‌زیری دارایی به‌غدا بۆ هه‌ولێر دانی به‌وه دانا كه ئه‌و دوو به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه(پاسه‌پۆرت و ره‌گه‌زنامه) سه‌ربه وه‌زارتی ناوخۆی عێراقی فیدراڵن.
هه‌روه‌ك روونیكرده‌وه: هه‌وڵه‌كانی ئێمه و وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ گه‌رانه‌وه‌ی موچه‌ی ئه‌و دوو به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه ده‌بن به‌یه‌ك (كه ئێستا له هه‌رێم دوو له‌تن) بۆ سه‌ر به‌غدا به‌رداوامه و موچه‌ی كارمه‌ندانیشیان وه‌ك كارمه‌ندانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی به‌غدا ده‌بێت.
له به‌شێكی تری لێدوانه‌كانی ئیسماعیل مه‌حمود سه‌باره‌ت به یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئاسایشی هه‌رێم وتی: هه‌رله لێژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مان چاوه‌ڕانی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌یاسای ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم ره‌وانی په‌رله‌مان بكات و به گه‌یشتنی ئه‌و پرۆژه‌یاسایه كه پێشبینی ده‌كه‌ین پێش كۆتایی پشووی په‌رله‌مان بگات، له‌په‌رله‌مان په‌سند بكرێت و هه‌وردوو ده‌زگایی ئاسایشی هه‌رێم یه‌كده‌گرنه‌وه و به یه‌ك یاسا كارده‌كه‌ن.
|
|
2/2/2010 8:14:29 PM
|
Print Page
|
|