|
جاندار: نه‌بوونی توندوتیژی له توركیادا به شێوه‌یه‌كی زۆر ئیجابی ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی توركیا و ئیداره‌ی كوردی ده‌بێت"
|
له‌و گه‌وره رۆژنامه‌نووس و رووناكبیرانه‌یه كه ده‌یه‌وێت وڵاته‌كه‌ی دیموكراتتربێت، به رووی كورده‌كانیشدا زیاتر بكرێته‌وه، ئیتر چ له‌ناوخۆی وڵاتدابێت یان به رووی هه‌رێمی كوردستاندا. جه‌نگیز جاندار چه‌ند جارێك سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه، یه‌كێكیش بوو له‌و كه‌سایه‌تییه رۆژنامه‌نووسییانه‌ی كه له وۆركشۆپی (16)ی ئه‌م مانگه‌دا له ئه‌سته‌نبوڵ به‌شداربوو و تیایدا رۆژنامه‌نووسانی هه‌رێم و توركیا كۆبوونه‌وه. جاندار به‌ر له‌وه‌ی خۆی ئاماده بكات بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێك له‌دانیشتنه‌كانی سه‌رئێواره‌ی وۆركشۆپه‌كه، واڵاپرێس له‌به‌رده‌م هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له ئوتێل (ELITE WORLD) چه‌ند پرسیارێكی ئاراسته كرد، له‌م دیداره كورته‌دا له‌به‌رئه‌وه‌ی نه ئێمه توركیمان ده‌زانی و نه ئه‌ویش كوردی، په‌نامان برد بۆ زمانی سێیه‌م كه زمانی عه‌ره‌بییه.
واڵاپرێس- ئه‌سته‌مبوڵ/ سازدانی: عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
* به‌ڕێز جاندار هه‌ست به چیده‌كه‌ی كه ئه‌مڕۆ له هۆڵێكی واداو له‌شاری ئه‌سته‌نبوڵ ده‌بینیت رۆژنامه‌نووسانی كوردستانی عێراق و توركیا كۆبوونه‌ته‌وه‌و گفتوگۆ له‌باره‌ی رۆڵی میدیا ده‌كه‌ن له په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو لادا؟
- ئه‌مه هه‌نگاوێكی باشه‌و لێكگه‌یشتن له‌نێوان هه‌ردوولادا قوڵ ده‌كاته‌وه، پێشتریش ئێمه هاتینه هه‌ولێرو گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسانی كوردی كوردستانی عێراقدا كرد، ئه‌مه‌ش درێژه‌ی ئه‌و گفتوگۆیانه‌یه، من ئومێدم وایه كه دیموكراسیی له توركیا پێش بكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌نگاوانه به‌رده‌وام بن.
* ئایا تۆ پێتوانییه كه كرانه‌وه‌ی توركیا به‌رووی دۆزی كورددا پێویستیی به هه‌مواركردنی ده‌ستوور هه‌بێت؟
- بێ گومان ده‌بێ ده‌ستوور هه‌مواربكرێت بۆ ئه‌و كرانه‌وه‌یه، به‌پێی ته‌رازووی هێزیش له توركیا‌و دوای هه‌ڵبژاردن له وڵات‌دا كه له‌ساڵی نوێ‌دا له (2011)دا ئه‌نجامده‌درێت، پێشبینی ئه‌وه ده‌كرێت كه چه‌ند هه‌نگاوێك هه‌بێت له پێناوی هه‌مواركردنی ده‌ستوورو به‌دیهێنانی گۆڕانێكی دیموكراتی و مه‌ده‌نییانه، دیاره به گۆڕانكاریكردنیش له ده‌ستووری توركیادا‌و هاتنی ده‌ستووری نوێ گرنگترین شت ئه‌وه‌یه مه‌سه‌له‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكرێت.
* ئایا تۆ پێتوایه رۆژنامه‌نووسانی توركیا بتوانن رۆڵیان هه‌بێت له پرسی كرانه‌وه‌ی توركیا به‌ڕووی كورده‌كانی ناوخۆی وڵات و له گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییش له‌گه‌ڵ كوردی عێراقدا؟
- بێگومان و به دڵنیاییه‌وه رۆڵیان ده‌بێت، چونكه له هه‌ر په‌ره‌سه‌ندنێكدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد یه‌كه‌مین رێگا‌و چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه ده‌بێ له كه‌شێكدا بێت به‌بێ توندوتیژی، نه‌بوونی توندوتیژی له توركیادا به شێوه‌یه‌كی زۆر ئیجابی ره‌نگده‌داته‌وه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی توركیا‌و ئیداره‌ی كوردی له هه‌ولێر، واته نه‌بوونی توندوتیژی له توركیا‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا‌و ئیداره‌ی كوردی مه‌سه‌له‌یه‌كه به‌یه‌كه‌وه گرێدراون.
* ئایا هیچ فشارێكی ئه‌وروپی له‌سه‌ر توركیا هه‌یه بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و ئه‌م كرانه‌وه‌یه به رووی كورددا؟
- حاڵی حازر غیابێكی ئه‌وروپی هه‌یه له كارنامه‌ی سیاسیی ده‌وڵه‌تانی هه‌رێمایه‌تی و ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. دیاره له‌پێناوی هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆزی كوردیش له توركیا پێویستیمان به‌هیچ یارمه‌تی و فشارێكی ئه‌وروپا نییه، ئه‌مه‌ش به بۆنه‌ی غیابی خۆیان له‌ناوچه‌كه‌دا.
* ئایا پێتوایه مومكین بێت كه له داهاتوویه‌كی نزیكدا پرسی كورد له توركیا پرسێكی به‌رچاوخراوبێت له ئاستێكی فراوانترداو ده‌سته‌واژه‌ی كورد له شه‌قامی توركیدا قبوڵ بێت و ئه‌م چه‌مكه هه‌رس بكرێت؟
- به‌دڵنیاییه‌وه، پاشه‌ڕۆژ كراوه‌یه بۆ داننان به مافی كورد‌و به ناسنامه‌ی كورد له توركیا، كورده‌كانی توركیا ئه‌گه‌ر به ناسنامه‌ی كوردییانه‌ی خۆیان له توركیا بژین ئه‌وه ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی توركیا ده‌بێت. ئه‌گه‌ر كورده‌كان له‌ناوچه‌كانی خۆیاندا حوكمڕانێتییه‌كی خۆماڵی خۆیان هه‌بێت به‌تایبه‌تی له ناوچه‌ی باشوری رۆژهه‌ڵاتی توركیا ئه‌وا ئه‌وكاته ده‌بێته په‌ره‌سه‌ندنێكی زۆر باش و توركیاش به‌هێز ده‌بێت و كورده‌كانیش له هه‌موو ناوچه‌كه‌دا به‌هێزده‌بن، واته یه‌كتر ته‌واوكردنێك رووده‌دات له‌نێوان هه‌ردوولادا.
* تۆ چ داواكارییه‌كت له رۆژنامه‌نووسانی كورد‌و تورك هه‌یه كه‌ئێستا له‌م هۆڵه‌دا كۆبوونه‌ته‌وه، ئومێدی چی له‌م وۆركشۆپ و گفتوگۆیانه ده‌كه‌یت؟
- پێویسته نموونه‌ی ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ری و كۆنفرانسانه زۆربێت له داهاتووی نزیكداو پێویسته به‌رده‌وامیش بێت.
پـــڕۆفـــــایــــــــــــــــــــــــل:
جه‌نگیز جاندار له‌دایكبووی ساڵی (1948)ه، له‌ساڵی (1968)دا، سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی گه‌نجانی چه‌پڕه‌و بووه له كۆلێژی زانسته سیاسییه‌كان. دوای ده‌رچوونی له كۆلێژ له‌ساڵی (1970) بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌هه‌مان كۆلێژدا وانه‌بێژ بووه، له‌هه‌مان ساڵدا توركیای به‌جێهێشتووه‌و په‌یوه‌ندیی به بزووتنه‌وه‌ی به‌ره‌نگاریی فه‌له‌ستینییه‌وه كردووه‌و په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ یاسر عه‌ره‌فاتدا هه‌بووه، دواتر وه‌ك په‌نابه‌ری سیاسی گواستوویه‌تییه‌وه بۆ جنێف و پاریس و ستۆكهۆڵم. له‌ساڵی (1974)دا، گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ توركیا‌و كاری له‌چه‌ند رۆژنامه‌یه‌كدا كردووه، له‌وانه: وه‌ته‌ن، جمهورییه‌ت، كۆنش ، حورییه‌ت، سه‌باح. له‌نێوان ساڵانی (1991- 1993)دا، وه‌ك راوێژكاری تایبه‌تیی سه‌رۆكی پێشووتری توركیا خوالێخۆشبوو تۆرگوت ئۆزال دامه‌زراوه. له (1999-2000)دا، له سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی ئه‌مریكی له واشنتۆن كاری كردووه، حاڵی حازر به یه‌كێك له گرنگترین شاره‌زایانی ستراتیژیی كاروباری ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت و په‌یوه‌ندیی نزیكیی له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌كانی بڕیاری ئه‌مریكی و گه‌وره رۆژنامه‌كانی ئه‌مریكادا هه‌یه. جاندار یه‌كێكه له پشتیوانانی دۆزی كورد‌و له هاوڕێ نزیكه‌كانی تاڵه‌بانی و بارزانییه.
|
|
2/4/2010 12:36:28 PM
|
Print Page
|
|