|
ئاسۆ شێخ كه‌مال
|
له پاش هه‌ڵبژاردن چی؟ !!!!
بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و تۆمه‌تباران كردنی یه‌كدی و ناو و ناتۆره و یه‌كتر ناشرین كردن له‌گه‌ڵ داخستنی سندوقه‌كانی ده‌نگدان گۆتایی هات ، پێویسته بارگه و بنه‌ی بپێچێته‌وه و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له نێوان قه‌واره سیاسیه‌كاندا هه‌ڵبدرێته‌وه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئاینده.
هه‌رچه‌نده له ئێستادا كێ براوه‌یه‌و كێ دۆڕاوه لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌و شاشه‌ی تیڤیه‌كان داگیركردووه، به‌ڵام دیسانه‌وه ئه‌ویش ته‌مه‌نێكی كورته و له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا یه‌كلایی ده‌بێته‌وه و كۆتایی به‌و هه‌واڵانه‌ش دێت كێ براوه‌یه، چونكه ئیدی كورسییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نوێنه‌رانی تێدا داده‌نیشن و هه‌ركه‌س و لایه‌نێك قه‌باره‌ی خۆی ده‌زانێت. ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه چی بكرێت له پاش پڕبوونه‌وه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان. ئایا شه‌ڕی نێوان قه‌واره‌كان و تۆمه‌تباركردنی یه‌كتر به‌رده‌وام بێت یاخود به‌غدا و هه‌رێم له یه‌كدی جیابكرێته‌وه و له‌هه‌ر یه‌كێكیان سیاسه‌تی پێویست به‌و شوێنه به‌كاربهێنرێت؟ ئایا كورد له به‌غدا پێویستی به‌یه‌ك هه‌ڵوێستییه یاخود به ناكۆكی له نێوان یه‌كتر؟ ئایا كێشه‌كانی كورد له به‌غدا به‌یه‌كریزی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت یاخود به په‌رته‌وازه‌یی؟.
من پێموایه ئاساییه له هه‌موو دونیای دیموكراسی و په‌رله‌مانیدا به‌مه‌به‌ستی سه‌ركه‌وتن قه‌واره‌كان جۆره‌ها بانگه‌شه بۆخۆیان و دژی نه‌یاره‌كانیان ده‌كه‌ن، جوانتر ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی پرۆسه‌كه ئه‌و قۆناغه كۆتایی دێت و هه‌ركه‌س و قه‌واره‌یه‌ك كار بۆ پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن تاوه‌كو خۆیان ئاماده‌بكه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئاینده ،به‌مه‌به‌ستی مسۆگه‌ركردنی ده‌نگی زیاتر و پته‌كردنی پێگه‌یان له له داهاتوودا.
لێره به‌داخه‌وه ده‌ڵێم هه‌میشه كاتی هه‌ڵبژاردن به‌ڵێنی زۆر و پاش گه‌یشتن به مه‌رامیش خه‌ڵكی له بیر ده‌چنه‌وه و هه‌ر لیست و قه‌واره‌یه‌ك ده‌كه‌ونه كار كردن بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه حیزبی و تاكه كه‌سیه‌كان، ئه‌مه به شێوه‌یه‌كی گشتی بێ جیاوازی له نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن.
بۆیه له په‌رله‌مانی تازه‌دا پێویسته نوێنه‌رانی كورد به یه‌كده‌نگ كار بكه‌ن بۆ:
1 ـ له‌ماوه‌ی چوار ساڵی ئاینده‌دا سنوری جوگرافی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان بكرێت.
2 ـ كێشه دارایی و ئابورییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر كۆتایی پێبهێنرێت.
3 ـ قه‌ره‌بووی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و زیندانیانی سیاسی و فه‌یلییه‌كان و بارزانییه‌كان به فه‌رمی بخرێته ئه‌ستۆی حكومه‌تی به‌غدا و بكه‌وێته واری جێبه‌جێكردنه‌وه.
4 ـ كار بكرێت بۆ رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی عیراق له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له عیراقی نوێ‌دا.
|
|
3/10/2010 11:44:00 AM
|
Print Page
|
|