ئۆپۆزسیۆنێكی سوریا: یه‌كڕیزیی كورد، بابه‌تێكی ستراتیژییه
گۆران ئیبراهیم/
نزیكه‌ی نۆ مانگ به‌سه‌ر خۆپیشاندان‌و شۆڕشه‌كانی سوریادا تێپه‌ڕیوه‌و هێشتا به‌رده‌وامی هه‌یه. زیاتر له 4 هه‌زار كه‌س كوژراون‌و ده‌یان هه‌زاری تر بریندارن و 14 هه‌زاریش ده‌ستگیركراون و بێسه‌روشوێنن. كورد یه‌كێكه له‌لایه‌نه گرنگ و دیاره‌كانی ناو شۆڕش و گۆڕانكارییه‌كانی سوریا. له‌م دیمانه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ سه‌ڵاح به‌دره‌دین سیاسه‌تمه‌دار و ئۆپۆزسیۆنی كورد له‌سوریا تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر یه‌كده‌نگیی كورد و ئاینده‌ی سوریا و چه‌ند بابه‌تێكی تری تایبه‌ت به ره‌وشی ئێستای ئه‌و وڵاته. واڵاپرێس: تاچه‌نده كورد یه‌كده‌نگه له‌باره‌ی داواكارییه‌كانی كورد له‌لایه‌ك و ئاینده‌ی سوریا له‌لایه‌كی تره‌وه؟
سه‌ڵاح به‌دره‌دین: پێش ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆی ئه‌م پرسیاره بده‌مه‌وه، رێگه‌م بده‌ن بڵێم گۆڕه‌پانی سیاسی كورد له خۆرئاوای كوردستان گۆڕانكاریی به‌رچاوی له‌ڕووی یه‌كده‌نگییه‌وه به‌خۆیه‌وه بینیوه، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی كه پارته ته‌قلیدیه‌كان نه‌یانتوانی ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی به‌باشی رابپه‌ڕێنن و هه‌روه‌ها بۆ 18 پارت دابه‌شبوون، له‌دوای رووداوی ئاداری 2004ه‌وه گرووپی نیشتمانپه‌روه‌ری نوێ له سه‌ربه‌خۆكانی ناو پارته‌كان، له‌وانه‌ش رۆشنبیران و ژنان و لاوان هاتنه ناوه‌وه، ده‌بێت بزانرێت 60% كۆمه‌ڵگه‌ی كورد له‌سوریا لاوانن، ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ش وامان لێده‌كات پێناسه‌یه‌كی نوێ په‌سه‌ند بكه‌ین، بۆ بزووتنه‌وه‌ی كوردیی له‌سوریا، كه خۆی له‌لاواندا ده‌بینێته‌وه و زۆرینه‌ن، ئینجا پارته‌كان كه‌من و كاریگه‌رییان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا كه‌مه، له‌روانگه‌ی ئه‌م پێناسه‌یه‌وه وه‌ڵامی پرسیاره‌كان ده‌ده‌مه‌وه.
یه‌كێتی ریزه‌كانی كورد گرنگ و ستراتیژییه و رێگای به‌دیهێنانیشی ئه‌وه‌یه كه هه‌موو لایه‌نه‌كانی ناو بزووتنه‌وه‌ی كوردیی له‌پشت لاوانی كورده‌وه بوه‌ستن، ئه‌و لاوانه‌ی كه به‌شداری شۆڕ‌شیان كردووه ماوه‌ی نۆ مانگه، هاوكاریی مادی و مه‌عنه‌ویی و میدیایی و مرۆیی بكرێن، ئێمه له‌سوریا له حاڵه‌تی شۆڕشداین و هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ سه‌رخستنی شۆڕشن، ئه‌گه‌ر پارتێك هه‌بێت هێشتا گومانی له شۆڕش هه‌بێت، ئه‌وا پێویسته خۆی یه‌كلایی بكاته‌وه و په‌یوه‌ندی به شۆڕشه‌وه بكات بۆ ئه‌وه‌ی سیستمی دیكتاتۆری زووتر بڕوخێت، بۆ ئه‌وه‌ی دیموكراسی و بنیاتنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سوریای فره‌یی ده‌ستپێبكات، پاشان خۆئاماده‌كردن بۆ قۆناغی دیموكراسی دوای دیكتاتۆریه‌ت.
واڵاپرێس: چ سیستمێك بۆ سوریای ئاینده له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورده؟
سه‌ڵاح به‌دره‌دین: سیستمێكی دیموكراسی فره‌یی باشترین سیستمه بۆ هه‌موو سورییه‌كان، له‌ناویشیاندا كورد، ماوه‌ی زیاتر له چل ساڵه، سیستمی ئه‌سه‌دی باوك و كوڕ و كوڕه‌زا هیچ مافێكیان به كورد نه‌داوه جگه له بێبه‌شكردن و دوورخستنه‌وه و راگواستن و به‌عه‌ره‌بكردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه كوردییه‌كان و په‌راوێزخستن و ره‌گه‌زپه‌رستی و قه‌ده‌غه‌كردنی ژیانی ئاشتیانه له كورد و نه‌ناساندنیان و گۆڕینی ناوه‌كانیان و بێبه‌شكردنیان له‌مافی هاوڵاتیبوون، چالاكوانه‌كانی كوژراون، له‌وانه‌ش (مه‌عشوق خه‌زنه‌وی له ساڵی 2004 و مه‌شعه‌ل ته‌مۆ له ساڵی 2011)دا، به‌ڵام له سیستمی داهاتووی سوریادا كه ئۆپۆزسیۆنه عه‌ره‌به‌كان به‌رپرسیارێتی له ئه‌ستۆ ده‌گرن، به‌شێوازی جۆراوجۆر دانیان به‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورددا به‌شێوه‌ی ئاشتیانه ناوه.
واڵاپرێس: تا ئێستا روانگه‌ی ئۆپۆزسیۆنی عه‌ره‌بی له‌باره‌ی كێشه‌ی كورده‌وه چۆنه؟
سه‌ڵاح به‌دره‌دین: وه‌كو باسم كرد، هه‌ڵوێستی زۆرینه‌یان، ناڵێم هه‌موویان، به‌تایبه‌ت دیموكراتیخوازه‌كان و چه‌پڕه‌و و لیبراڵه‌كان باشه و دان به‌مافه‌كانی گه‌لی كورددا ده‌نێن كه له مێژه‌وه له‌سه‌ر خاكی خۆی ده‌ژی و مافی خۆیه‌تی كه موماره‌سه‌ی مافه‌كانی خۆی بكات له چوارچێوه‌ی یه‌كێتی سوریادا، دان به سته‌مكاریه‌كانی سه‌ر كورد و لابردنیدا ده‌نێن، دان به به‌شداریكردنی كورد و ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی له ده‌ستووردا ده‌نێن، به‌ڵام ئیسلامییه‌كان و هه‌ندێك ره‌وتی نه‌ته‌وه‌په‌رست هێشتا به‌رامبه‌ر به مافه‌كانی كورد و دۆزه‌كه‌یان، باش نین.
واڵاپرێس: ئاینده‌ی سوریا چۆن ده‌بینیت، ئایا دیموكراتی ده‌بێت، یان تاكه پارتێك ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست؟
واڵاپرێس: سوریای دوای دیكتاتۆریه‌ت به‌ده‌ست تاكه لایه‌نێكه نابێت، فره‌یی ئاین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر شێوازی سیستمی داهاتوو ره‌نگده‌داته‌وه، ئه‌وه بزانرێت كه 45%ی سورییه‌كان، عه‌ره‌ب نین و موسوڵمانی سوننه‌ش نین، وه‌كو كورد، مه‌سیحی و عه‌له‌وی و دورزی و ئه‌رمه‌ن و توركمان و شه‌ركه‌س، كێشه‌ی سوریا له ئێستادا و له‌سایه‌ی دیكتاتۆریه‌تدا ئه‌وه‌یه كه یه‌كره‌نگه، یه‌ك نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌ب و حزب و بنه‌ماڵه و تاكه‌كه‌س ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه. بۆیه ئه‌مه دووباره نابێته‌وه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت ئیسلامییه‌كانه، ئه‌وا ده‌ڵێم ئه‌وانه له لاوازترین ره‌وته‌كانن، ناتوانن تاكلایه‌نانه ده‌سه‌ڵاتی سوریا بگرنه‌ده‌ست، ئه‌وان له میدیادا بوونیان هه‌یه، به‌ڵام له واقیعدا یه‌كێكن له ره‌وته‌كان، نه‌ك هه‌موو شتێك بن، ناشتوانن له هه‌ڵبژاردندا زۆرینه به‌ده‌ستبهێنن.
واڵاپرێس: وه‌كو كوردێك پێشنیارت بۆ كورد له سوریا چییه؟
سه‌ڵاح به‌دره‌دین: كورد به‌شێكه له شۆڕشی ئاشتیانه‌ی سوریا، پێویسته له‌سه‌ر كورد رۆڵی خۆی به‌هێز بكات، هه‌روه‌كو پێویسته ریزه‌كانیشیان پته‌و بكه‌ن، له‌یه‌كتر تێبگه‌ن، پشتیوانی له‌لاوان بكه‌ن، چونكه ئه‌گه‌ر گۆڕانی سیستمی دیكتاتۆری بۆ سورییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی جارێك باش بێت، ئه‌وا بۆ كورد دووجار، ته‌ماشای ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان بكه، ئایا فیدراڵیه‌ت به‌رهه‌می خه‌بات نه‌بوو، پاشان ئازادكردنی عێراق له دیكتاتۆریه‌ت و گۆڕانكاریی، وه‌كو زانراوه كه به‌عسی سوریا دووانه‌یه له‌گه‌ڵ به‌عسی سه‌دامیدا له عێراق، له رووی هه‌ڵوێست و ئایدۆلۆژیا و دژایه‌تیكردنی دیموكراتی و كورده‌وه.
به‌م بۆنه‌یه‌وه، هیوادارم هه‌موو كوردستان هه‌موو لایه‌نه‌كانی، یارمه‌تیده‌ر و پشتیوانمان بن، هه‌روه‌كو چۆن ئێمه له خۆرئاوای كوردستان هه‌میشه پشتیوانی براكانمان بووین، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێكی سیاسی یان هیچ پارتێك زیان به دۆز و شۆڕش و خه‌باتمان نه‌گه‌یه‌نێت.


