"چەند پۆلیسێكی دەست لەكار كێشاوە بەنانبڕاو لای گۆران نووسراون"
واڵاپرێس/
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی گەرمیان، وتی: چەند پۆلیسێك لەبەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان، بە ویستی خۆیان دەستیان لەكار كێشاوەتەوە و هەندێكیشیان بۆ وازهێنان تەكلیفیان كردووە، بەڵام ئێستا خۆیان بە نانبڕاو لەقەڵەم دەدەن و لە لیستی گۆراندان. رۆژنامەی چاودێر لە دوا ژمارەیدا كە دووشەممە بڵاوكرایەوە، راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە لەسەر چەند پۆلیسێك لەبەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان كە بەهۆی كاری ترەوە دەستیان لە كاری پۆلیسی كێشاوەتەوە، بەڵام ئێستا خۆیان لەناو لیستەكەی بزوتنەوەی گۆراندا بە نانبڕاو تۆمار كردووە، گوایە لەسەر بیروڕای جیاواز دەركراون .
ئیسماعیل عەلی، لێپرسراوی بەشی كارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەریمان، رایگەیاند: ئەو پۆلیسانە پێشتر هەر یەكەیان بەبیانووی ئیش و كاری ترەوە یان توانایی پۆلیسیان نەبووە، دەست لەكار كێشانەوەی خۆیان پێشكەش بەبەرێوەبەرایەتیەكەمان كردووە، تەنانەت تیایاندا بووە دەست لەكار كێشانەوەكەی قبوڵا نەكراوە و تەكلیفی كردووە كە ناتوانێت پۆلیسی بكات،بەڵام ئێستا خۆیان لە ناو لیستی نانبراوانی گۆراندا تۆمار كردووە بۆ ئەوەی مووچەی زیادە وەرگرن و بگەرێنەوە بۆ پۆلیسی.
وتیشی: لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ وە چەند جارێك ئەو پۆلیسانە رەوانەی بەرێوەبەرایەتیەكەمان كراون، بەڵام ئێمەش زیاتر لە سێ جار تەواوی ئەو بەڵگەنەی كە پێویست بوون لەگەڵا نوسراوەكانی بەرێوەبەراتيەكەمان و كتابی رەسمی كە دەست لەكار كێشانەوەی ئەو پۆلیسانە قبوڵ كراوە و نێردراوەتەوە بۆ وەزارەت و پێمان وتوون ئەوان خۆیان دەستیان لەكار كێشاوەتەوە و ئیمەش خەڵكی ترمان لە جێگەیان دامەزراندووە.
بەپێی زانیاریەكان ئەو رۆژنامەیە، ئەو پۆلیسانە لە دوای هەڵبژاردنی 25/7 لەسەر داوای خۆیان دەستیان لەكار كێشاوەتەوە.


