یاداشتنامەیەك لە پیاو ماقوڵانی كفرییەوە
ئاوارە جاف
ژمارەیەك لە پیاو ماقوڵانو كەسایەتی شارۆچكەی كفری، لە یاداشتنامەیەكدا ئاماژە بەوە دەكەن، لیژنەیەك بەمەبەستی ئاوڕدانەوە لە كێشەو گرفتی قەزاكەیان پێكدەهێنن و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكانیش دەكەن، چارەسەری كێشەو كەموكورتییەكانی قەزاكەیان بكەن.
لە یاداشتێكدا كە وێنەیەكی بۆ (واڵاپرێس) نێردراوە، پیاوماقوڵان و كەسایەتییەكانی كفری ژمارەیەك داواكارییان خستۆتەڕوو، لەوانە ، كردنەوەی چەند كۆلێژێك، ، دابینكردنی پزیشكی پسپۆر، پەلەكردن لە نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارە مێژووییەكان، بوژانەوەی پاركی كفری ، دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا و پێداچونەوە بەباری ئەمنی قەزاكەیاندا.
هاوكات یادگار عەلی وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان لە لێدوانێكدا بۆ (واڵاپرێس) رایگەیاند:یاداشتەگە گەیشتۆتە ئیدارەی گەرمیانو ئەو داوایانەی كە پێویستیان بەكات نییە لە ئایندەیەكی نزیكدا كار لەسەر جێبەجێكردنیان دەكرێت، ئەوانەشی بۆ جێبەجێكردی كاتی پێویست بێت، دیراسە دەكرێن و دواتر كار بۆ جێبەجێكردنیان دەكرێت".
وتەبێژەی ئیدارەی گەرمیان ئەوەی خستەڕوو، لە بودجەی ئەمساڵدا پشكی تایبەت بۆ ئەو قەزایە تەرخاندەكرێت، وەك چۆن لەماوەی رابردوودا ئیدارەی گەرمیان بەردەوام ئاوڕی لە قەزای كفری داوەتەوەو لە بوارە جیاوازەكاندا پرۆژەی تێدا ئەنجامدراوە.


