17ی شوبات لەململانیەی پەیجەكاندا
حسین عزیز
لەچەند ڕۆژی ڕابردووداو بەتایبەتی لە ساڵڕۆژی ڕووداوەكانی 17ی شوبات دا، تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك بوو بە شۆێنی كۆمێنتە سیاسیەكان وململانێیەكی توندی گەنجان لە نێوان هێزە هاوپەیمانەكان وئۆپۆزسێون دا، چەندپەیجێك وەك ناوەندی پیادەكردنی سیاسەتی حزبەكان لەمەڕدواگۆڕانكاریەكان تەماشادەكران. لە سەر ئاستی باڵاش هەریەك لە ئەدهەم بارزانی ومەلابەختیار لە سەركردایەتی ومەكتەبی سیاسی یەكێتی وپارتی پەیامیان ئاراستەی گەنجانی حزبەكەیان كرد.ویرای دەستخۆشی داوای هێوركردنەوەی بارودۆخی ئێستای كوردستانیان وبیرلە پێكەوە ژیان ویەكتر قەبووڵكردن بكەنەوە.ڕۆژنامەنووسان یاساناسانیش جەخت لە سەر ڕۆڵی فەیس بووك دەكەن وبەسێبەرەی پارتە سیاسیەكانی دەزانن.
فەیس بووك هەستی گەنجانی جوڵاندوە
ڕۆژنامەنووس خەلەف غەفوور پێ وابوو كە فەیس بووك كاریگەری ڕاستەوەخۆی كردوەتە سەر گەنجان وڕۆڵی گرنگی هەبووە لەهەڵَگیرساندنی شۆڕشەكاندا،.
لەمڕووەوە بۆ سایتی واڵاپرێس وتی: بەدڵنیاییەوە فەیس بووك ڕۆڵی كاریگەری هەبوو لە هەڵگیرسان و بەرەوپێشچوونی شۆڕشەكانی ناوچەكە، هەروەكو جۆن ئەو شۆڕشانە كاریگەرییان لەسەر كوردستان هەبوو بەهەمان شیوە فەیس بووكیش كاری لە جوڵاندنی هەست و نەستی گەنجانی كورد و شەقامی ناڕەزایدا هەبووە.
ڕاشیگەیاند:ئەو دێڕِە باوەی كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە زۆربەی سایت و بلاوكراوەكاندا بلاوكرایەوە تەواو ڕاستە كە وترا: فەیس بوك حكومەتی هەرێمی خستە ئینزارەوە.
پاشماوەی ناكۆكی وململانێ كانە
ناكۆكیە سیاسیەكان وكاریگەری شەڕی ناوخۆ هۆكارێكی تری ئەوپەلامارانەیە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردودائەندام ولایەنگرانی پارتە سیاسیەكان دەیانكردە سەر یەكتری.
ڕۆژنامەنووس چۆمان محمد ئاماژەی بەوە كرد:
تەواوی ئەو پەیجانەی لە فەیسبوكەوە بەناوی لایەنە سیاسییەكانەوە دانراون و ڕۆژانە چالاكی خۆیان بڵاو دەكەنەوە هۆكارێكی پاشماوەی ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان دەگەرێتەوە كە مێژوویەكی دورو درێژی هەیە ئیستا كە لایەنەكان هاوپەیمانن و دۆستی یەكترن ناتوانن بە فەرمی قسە لەسەر یەكتر بكەن بۆیە لە فەیسبوكەوە بەناوی لایەنێكی سیاسیەوە هێرش دەكرێتە سەر لایەنێكی تر. ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بە خراپی كاریگەریەكانی ئەوزمانە توندوتیژەكردو وتی: بێگومان كاریگەری خراپی هەیە دەبینین بەرپرسی باڵای لایەنێك دەستخۆشی لە پەیجی گەنجانی حزبەكەی دەكات لە فەیسبووك ئەمە وادەكات لایەنی بەرامبەر نیگەران ببێت و دواجار نیگەرانییەكان دەچنە چوارچێوەی ناكۆكییە كۆمەڵایەتیەكانیشەوە.
پارێزەر گۆران حسین ئاماژەی بە وەكرد ئامانج لە بەكار هێنانی فەیسبووك زۆر گرنكە، چونكە پێویستە خۆیان دوور بگرن لە بەكار هێنانی زمانی زبر وتشهیر. ئاماژەی بە چەند مادەیەكی یاسایی كردو وتی: گرنگ ئەوەیە ئامانج لەبەكارهینانی چیە؟ باشتر وایە بەشیوەیەكی باش و بۆ ئامانجی باش و بەرژەوەندی گشتی بەكار بهێنریت نەك بەمەبەستی خراپ زۆر جار دەبێتە هوێ دروست بوونی كێشە لە نێو كۆمەڵگاو خێزاندا یاسای ژمارە 6 ساڵی 2008 خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كردن لە مادەی 2 و دا هاتووە، هەركەسیك بە خراپی تەلەفون یان ئامێرێكی پەیوەندی كردنی تەلدار یان بێتەل، یان ئینترنێت، یان پۆستی ئەلیكترونی، بەمەبەستی هەڕەشەكردن یان جنێو دان یان بووختان یان بڵاو كردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو كە ترس پەیدا دەكات ، یان دزەبەگفتو گۆكردن یان وێنەی چەسپاو یان نامە (مسج) بڵاو كردنەوە، لەگەڵ خورەوشتی گشتی ناگونجێت. توشی سزایی یاسای دەبن وسزاكەشی بۆ ماوەیەك بەند دەكرێت، كە لە شەش مانگ كەمتر نەبیت و لە بێنج ساڵ زیاتر نەبێت یان ، بە غەرامەیەكیش سزا دەدریت كە لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە پینَج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت یان بەیەكێك لەو دوو سزایە سزا دەدریت.


